|
|
||||||||||
|
پێویستیی کارکردن بۆ ڕێکخستنی زیاتری ڕیزه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی میللی
دێموکڕاتی کوردستانی ئێران،
22.07.2010 ئیبڕاهیم لاجانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردستانی ئێران له گه‌شه‌و هه‌ڵدانێکی به‌رچاو دایه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌م له تیئوری و هه‌م له پڕاکتیکدا له گه‌ڵ زۆر مه‌سه‌له به‌ره‌و ڕوویه که نابێ له هێنانه گۆڕ و باسکردنیان چ له ئێستا‌و چ له داهاتوودا سڵ بکه‌ینه‌وه.
بۆ ڕێکخستنیی زیاتری ڕیزه‌کانی بزووتنه‌وه، بۆ هاوئاهه‌نک کردنی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردستان، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان ئاسۆیه‌کی به‌رینتری له پێشدابێت، پێویسته له سه‌ر چه‌ند مه سه‌له پێ داگرین.
بزووتنه‌وه‌ی کوردستان، بزووتنه‌وه‌یه‌کی ئیده‌ئۆلۆژیک نیه . بزووتنه‌وه‌یه‌کی میللی دێمۆکراتیکه. بزووتنه‌وه‌یه‌که بۆ رزگاری کوردستان له سته‌می میللی و دێموکڕاتیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگای کوردستان سه‌ری هه‌ڵداوه. که‌واته بزووتنه‌وه‌ی چینێک یا توێژیکی کۆمه‌ڵایه‌تی دیاریکراو نیه. دانیشتوانی کوردستان، سه‌ر به هه‌ر ده‌سته‌و تاقمێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بن، ده‌توانن به‌شداری له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دابکه‌ن.
بۆیه پێویسته که ڕۆڵه‌کانی کوردستان بۆ به‌شداری له بزووتنه‌وه‌دا مۆبیلیزه‌بکرێن. ئاخر ڕۆڵه‌کانی کوردستان ته‌نیا له ڕه‌وتی خه‌بات و تێکۆشان‌دا و له پڕۆسه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له گه‌ڵ دوژمنانی ماف و ئازادیه‌کانی گه‌لی کوردا وشیاری و ئاگاهی میللی په‌یداده‌که‌ن و ناسنامه‌ی فه‌رهه‌نگی و سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌چه‌سپێنن.
به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگووترێ که چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی نێو کۆمه‌ڵگای کوردستان، داخوازی تایبه‌ت به خۆشیان هه‌یه. ئه‌وداخوازه سینفی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه ته‌نیا کاتێک ده‌توانن بڕۆنه پێش که له چوارچێوه‌یه‌کی به‌رین دا، له گه‌ڵ داخوازه سه‌ره‌کیه‌کان لێک گرێبدرێن و هاوئاهه‌نگ بکرێن. لاوان، ژنان، مۆمۆستایان، خوێندکاران، کارمه‌ندان، کرێکاران، جوتیاران ، بازاڕیان و باقی چین و توێژه زه‌حمه‌تکێشه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و که‌مایه‌تیه میللی و مه‌زهه‌بی و ئاینی وئیتنیکیه‌کانی کوردستان، هه‌رکامیان به داخوازی خۆیانه‌وه به دژی ده‌سته‌ڵاتی ڕه‌شی ئاخوندی له خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی دان. ڕێکخراوه‌کانی حیزبی ئێمه له هه‌رکوێ یه‌ک که هه‌ن له سه‌ریانه ئه‌و ناڕه‌زایه‌تی و به‌ربه‌ره‌کانیه سینفی و کۆمه‌ڵایه‌تیانه له سه‌ر بناخه‌ی هاوپێوندیی میللیی لێک گرێبده‌ن.
لێک گرێدان و هاوئاهه‌نگ کردنی بزووتنه‌وه ئێعتڕازیه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان له گه‌ڵ یه‌کتر و له گه‌ڵ داخوازه میللی و دێمووکڕاتیه گشتی یه‌کاندا ، بزووتنه‌وه‌ی کوردستان ده‌کاته بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رین و جه‌ماوه‌ری. هه‌ر بۆیه ئه‌وه گرنگترین ئه‌رکی ڕێکخراوه‌کانی حیزبه له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا.
ئه‌گه‌ر نه‌توانین ئه‌و ئه‌رکه گرینگه جێ به‌جێ بکه‌ین. ڕۆڵی پێشره‌وبوونی خۆمان له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا ده‌خه‌ینه ژێر پرسیار. له لایه‌کی که‌شه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه جۆراوجۆرانه له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی میللی و کوردستانی دا رێکنه‌خرێن، هیچ که ناتوانن به ئامانجه‌کانیان بگه‌ن ، به‌ڵکوو هه‌ر زوو سه‌رکوتیش ده‌کرێن. ئه‌وه‌ش ئه‌و پێویستیه ده‌رده‌خا که بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه کان پێویسته پتر له گه‌ڵ یه‌کتر هاوکاری و هاوئاهه‌نگی بکه‌ن و له به‌رانبه‌ر سه‌رکوت و زه‌بروزه‌نگی ڕێژیم دا شێلگیرانه پشتیوانی له یه‌کتر و داخوازه‌کانی یه‌کتر بکه‌ن. له حاڵێکی ئاوادا هێزوتوانای هه‌موو چین و تووێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کوردستان ده‌خرێته سه‌ریه‌ک و له به‌رامبه‌ر ماشێنی سه‌رکوتی کۆماری ئیسلامی‌دا خۆڕاگرتریان ده‌کاو ئاسۆیه‌کی به‌رین و گه‌وره‌ش بۆ بزووتنه‌وه له ئاستی گشتیدا ده‌سته‌به‌رده‌کا.
به‌ڵام له‌و پێوه‌ندیه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌کی زۆر گرینگ هه‌یه که نابێت له بیرمان بچێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هه‌وڵدان بۆ نه‌خشاندنی ئاسۆیه‌کی گه‌وره و به‌رین بۆ ئه‌و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌و لێک گرێدانیان له‌ئاستێکی به‌رزدا، نابێ وامان لێ‌بکا که خه‌باتی ڕۆژانه‌و داخوازه دیاریکراوه سینفی وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی چین و توێژه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان به هێند نه‌گرین. ڕاست به پێچه‌وانه‌وه پێویسته ڕێکخراوه‌کانی حیزبی ئێمه له سه‌نگه‌ری هه‌ره پێشه‌وه‌ی دیفاع له داخوازه جه‌ماوه‌ریه‌کان دابن و ویست و داواکانی چین و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، له دروشمی واقعبینانه‌دا فۆرمۆڵه‌بکه‌ن و بیانهێننه گۆڕ. ئه‌و به‌شه له کادره‌کانی ئێمه که بایه‌خ به خه‌باتی ڕۆژانه‌ی ده‌سته‌وتاقمه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و داخوازه سینفیه‌کانی ئه‌وان ناده‌ن، زیان به ئیعتباری حیزب و پڕۆسه‌ی به‌رینبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه و یه‌کیه‌تی ڕیزه‌کانی میلله‌ت ده‌گه‌یه‌نن. شێوه‌ی ئه‌سڵی خه‌باتی ئێمه خه‌باتی جه‌ماوه‌ریه و به‌بێ وه‌گه‌ڕخستنی هێزوتوانای له‌بن نه‌هاتووی خه‌ڵک ، ناتوانین کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان بۆ پێک‌هێنانی ئاڵووگۆڕی گه‌وره ڕاکێشینه مه‌یدان.
هه‌ر له‌وپێوه‌ندیه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ش هه‌یه که پێویسته لێره‌دا باسی بکه‌ین. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ده‌بێت بزانین سکتاریسم و فرقگه‌رایی گه‌وره‌ترین دوژمنی بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری و میللی یه. سکتاریسم زۆرتر له هه‌لومه‌رجی ئه‌و وڵاتانه‌دا سه‌رهه‌ڵده‌دا که به‌ده‌ست ئیستبداد و سه‌ره‌ڕۆییه‌وه ده‌ناڵێنن. وه‌زعێک که ئێمه له کوردستانی ئێران‌دا له گه‌ڵی به‌ره‌وڕووین، وه‌زعێکی له‌و چه‌شنه‌یه. هه‌بوونی حیزب و ڕێکخراوی جۆراوجۆری سیاسی له سه‌رگۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان و ململانێ و ره‌قابه‌تی سیاسیی ئه‌وان له گه‌ڵ یه‌کتر، شتێکی ته‌واو سروشتی و ته‌نانه‌ت پێویست و به‌که‌ڵکیشه. به‌ڵام ململانێ و ڕه‌قابه‌تی غه‌یره ئوسووڵی و نا ئه‌خلاقی ، زیانی قه‌ره‌بوونه‌کراوه به سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ. میلله‌تی ئێمه له کوردستانی ئێران، وه‌ک هه‌ر میلله‌تێکی دیکه، له چین و توێژی جیاواز پێک هاتوه که قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازیشیاهه‌یه. که‌واته له هه‌ڵه‌داین ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ته‌نیا یه‌ک حیزب یا ڕێکخراوی سیاسی ده‌توانێ به‌ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵکی کورستان بکات. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و مانایه نیه که پلۆڕالیسمی سیاسی به ئه‌تۆمیزه‌کردنی سیاسه‌ت ته‌رجومه بکه‌ین و به ناوی پلۆڕالیزم بزووتنه‌وه و ڕیزه‌کانی خه‌بات دابڕ دابڕ بکه‌ین . ئێمه له کوردستاندا پێویستیمان به چه‌ند حیزبی سیاسی و جه‌ماوه‌ری گه‌وره هه‌یه که پایه‌گای کۆمه‌ڵایه‌تیان هه‌بێت وبتوانن هه‌م له گه‌ڵ یه‌کتر هاوکاری بکه‌ن و له هه‌مان کاتیش‌دا موخاله‌فه‌ت و ره‌قابه‌تی سیاسیش له گه‌ڵ یه‌کتر بکه‌ن. ئه‌وه هه‌م به قازانجی دێموکڕاسیه له کوردستاندا و هه‌م به قازانجی بزووتنه‌وه و هێزه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌شه. بۆ حیزبی دێموکرات هه‌وڵدان بۆ جێگیرکردنی دێموكراسی و پلۆڕالیزم له کوردستاندا نه‌ک تاکتیک به‌ڵکوو ئامانج و فه‌رهه‌نگی کاره. هیچ حیزبێکی جدی ناتوانێ به‌رامبه‌ر به له مه‌ترسی که‌وتنی مه‌وجودیه‌ت و ناسنامه‌و هه‌ویه‌تی سیاسی خۆی بێ ده‌نگ بێت و ده‌ست له سه‌رده‌ست دانێ. بۆیه هه‌رکه‌س مه‌وجودیه‌ت و هه‌ویه‌تی حیزبی ئێمه نه‌خاته به‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌وه و، به‌رنامه‌یه‌کی دێموکڕاتیک و کوردستانی هه‌بێت، ئێمه ده‌ستی وهاوخه‌باتی بۆ درێژده‌که‌ین و له‌و خه‌باته‌دا که ده‌یبه‌ینه پێش، به ده‌سته خوشکی خۆمانی ده‌زانین.
تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ره‌گه‌وره‌ی حیزبی دێموكڕات وه‌ک حیزبێکی ڕه‌سه‌ن و به‌رپرسی کوردستانی ئه‌وه‌یه که له سیاسه‌تدا هه‌میشه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی میلله‌تی کورد و بزووتنه‌وه‌ی کوردستان ده‌خاته ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌جێندای کاری خۆی. ئاخر حیزبی ئێمه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی جیا له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیه به‌رزه‌کانی میلله‌تی کوردی نیه و هه‌ر بۆ بردنه‌پێش و وه‌دیهێنانی ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستانیش دامه‌زراوه.
ئیبڕاهیم لاجانی
|
|
||||||||