لینك

ئاڵمانی
فارسی پێوه‌ندی

بڵاوكراوه‌كان

په‌یڕه‌ووپڕوگرام

په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران به‌ بۆنه‌ی‌ 21ه‌مین ساڵڕۆژی‌ شه‌هیدكرانی‌ د. قاسملوو ‌و هاوڕێیانی‌ له‌ ڤییه‌ن

 15.07.2010

خه‌ڵكی‌ ئازادیخوازی‌ كوردستان!

رێبوارانی‌ رێبازی‌ ئاشتیخوازانه‌ی‌ مامۆستای‌ دێموكراسی‌!

ژنانی‌ كۆڵنه‌ده‌ر‌و مافویستی‌ كورد!

كاتێ‌ 21 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر رێبه‌ری‌ ناوداری‌ كورد‌و سكرتێری‌ گشتیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، دوكتور عه‌بدوڵره‌حمان قاسملوو ‌و كاك عه‌بدوڵڵا قادری‌ ئازه‌ر، بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ رێگاچاره‌یه‌كی‌ ئاشتیخوازانه‌، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی‌ پرسی‌ كورد له‌ئێراندا، به‌و په‌ڕی‌ نیازپاكی‌‌و بڕوا به‌ئاشتی‌‌و دیالۆگه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كه‌، روویان كرده‌ شاری‌ ڤییه‌نی‌ پایته‌ختی‌ ئوتریش. له‌به‌رامبه‌ردا، كۆماری‌ ئیسلامی‌ به‌پێی‌ سرووشتی‌ مڵهۆڕانه‌ی‌ هه‌میشه‌یی‌ خۆی‌، تاقمێك دیپلۆمات تیرۆریستی‌ نارده‌ سه‌ر مێزی‌ وتووێژ‌و له‌ جیاتی‌ گوفتگۆ‌و دیالۆگ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ كورد‌و ویست‌و داواكانی‌ كورد، به‌و په‌ڕی‌ دڕنده‌یی‌ تیرۆریان كردن‌و به‌م جۆره‌ د. قاسملوو ‌و هاورێیانی گیانی‌ خۆیان كرده‌ قوربانی‌ رێگای‌ ئازادی‌ كوردستان‌و مافه‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مان.

ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زه‌بری‌ ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ له‌سه‌ر دڵی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و ئازادایخوازان‌و رێبوارانی‌ رێگای‌ ئازادی‌ كوردستان قورستر كرد، هه‌ڵسووكه‌وتی‌ حكوومه‌تی‌ ئوتریش بوو. سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ هه‌موو به‌ڵگه‌یه‌كی‌ ئاشكرا‌و حاشاهه‌ڵنه‌گر سه‌باره‌ت به‌ ئۆرگانیزه‌كردن‌و به‌رێوه‌بردنی‌ پیلانه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ له‌په‌روه‌نده‌ی‌ تیرۆركردنی‌ د. قاسملوو‌و هاورێیانیدا، ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌و كاتی‌ ئوتریش خوێنی‌ به‌ناحه‌ق رژاوی‌ رێبه‌ری‌ كوردی‌ كرده‌ قوربانی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان‌و كۆمه‌ڵێك دانوستانی‌ ئابووری‌. به‌پێی‌ هه‌موو بنه‌مایه‌ك ئه‌و شێوه‌ هه‌ڵسووكه‌وته‌ له‌ده‌وڵه‌تێكی‌ دێموكراتیك كه‌ خۆی‌ به‌ لایه‌نگری‌ ئاشتی‌، دێموكراسی‌‌و مافی‌ مرۆڤ ده‌زانێ‌، نه‌ده‌وه‌شایه‌وه‌‌و ناوه‌شێته‌وه‌. ئه‌و شێوه‌یه‌ هه‌ڵسووكه‌وته‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئوتریش له‌هه‌مبه‌ر په‌روه‌نده‌ی‌ تیرۆری‌ د. قاسملوو ‌و هاورێیانی‌، له‌ ڕوانگه‌ی‌ هه‌موو مرۆڤێكی‌ ئازادیخوازه‌وه‌ مه‌حكوومه‌.

 

ته‌نیا رێگای‌ قه‌ره‌بووكرانه‌وه‌ی‌ ئه‌م ناحه‌قی‌‌و كه‌موكۆڕییه‌ی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئوتریش له‌هه‌مبه‌ر كورد، ئاوردانه‌وه‌ به‌ په‌روه‌نده‌ی‌ تیرۆركرانی‌ رێبه‌رانی‌ شه‌هیدیان‌و هه‌وڵدان بۆ ناساندنی‌ بریارده‌ران‌و ئه‌نجام ده‌رانی‌ ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌رحه‌ق به‌ گه‌لی‌ كورد‌و حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌‌و له‌ قاددانی‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ تیرۆریستی‏یه‌ی‌ رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران، له‌ كۆر‌و كۆمه‌ڵه‌ مرۆڤ‏دۆسته‌كان‌و له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌ داوا ده‌كه‌ین، له‌م بواره‌دا حكوومه‌تی‌ ئوتریش هه‌نگاوی‌ پێویست‌و جیددی‌ هه‌ڵبگرێت‌و پرستیژ‌و ئێعتباری‌ سیاسی‌‌و ئینسانی‌ خۆی‌ نه‌كاته‌ قوربانی‌ كۆمه‌ڵێك به‌رژه‌وه‌ندیی‌ ئابووری‌‌و بازرگانیی‌ كاتی‌ له‌ پێناو حكوومه‌تێكی‌ دیكتاتۆر‌و تیرۆریستپه‌روه‌ر وه‌كو كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێراندا، كه‌ رۆژ به‌ رۆژ له‌ئاستی‌ نێونه‌ته‌وه‌ییدا رووخساری‌ دزێو‌و پیلانگێرانه‌ی‌ بۆ رای‌ گشتی‌ جیهان ئاشكرا ده‌بێت‌و له‌نێو چین‌و توێژه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ ئێرانیش هیچ متمانه‌‌و ئێعتبارێكی‌ نه‌ماوه‌.

 

سڵاو له‌ رۆحی‌ پاكی‌ رێبه‌ری‌ هه‌رگیز نه‌مر د. قاسملوو‌و هاورێیانی‌ كه‌ خۆیان كرده‌ قوربانی‌ ویست‌و داوا ره‌واكانی‌ كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان

نه‌مان‌و رووڕه‌شی‌ بۆ رێژیمی‌ تیرۆریستپه‌ره‌وه‌ری‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌

 

یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران

كۆمیته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ گشتی‌

22ی‌ پووشپه‌ری‌ 1389

13ی‌ جولای‌ 2010

 

ئارشیف

ده‌سپێك