|
|
||||||||||
|
با هه‌موومان درێژه‌ده‌ری به‌ئه‌مه‌گی رێبازی پیرۆزی دوكتور قاسملوو بین!
01.07.2010
به‌هیه حه‌یده‌ری
له‌سه‌ر ژیان‌و كه‌سایه‌تیی به‌رزی دوكتور قاسملوو، به‌تایبه‌ت له دوو ده‌یه‌ی رابردوودا، زۆر شت گوتراوه‌و ته‌نانه‌ت زۆریش نووسراوه. ئه‌وانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ر دوكتور قاسملوو دواون، زیاتر ئه‌و كه‌سایه‌تییه تێكۆشه‌رانه‌ن كه له نێزیكه‌وه دوكتور قاسملوویان ناسیوه‌و هه‌ر له نێزیكیشهوه له‌گه‌ڵ گه‌وهه‌ری بیر‌و ئه‌ندێشه‌كانی ئه‌و مامۆستا مه‌زنه‌دا ئاشنا بوون. به‌ڵام من، وه‌ك كوردێكی گه‌وره‌بووی دووره وڵات، وه‌ك مرۆڤێكی له وڵات وه‌ده‌رنراوی له بینینی نیشتمان بێبه‌شكراو، به‌داخه‌وه ده‌بێ بێژم كه ته‌نیا له‌گه‌ڵ بیر‌و ئه‌ندێشه‌كانی مامۆستای دێموكراسی‌دا، ئه‌ویش تا راده‌یه‌ك، ئاشنام‌و له‌و سۆنگه‌یه‌وه، هه‌ستی خۆم به‌رامبه‌ر به‌و مامۆستا بێهاوتایه دێنمه زمان.
هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك، به‌تایبه‌ت ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه رۆژێك له رۆژان چاره‌نووسیان له چاره‌نووسی پڕ له ژانی كورده‌وه نێزیك بووه، له مێژووی خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی خۆیاندا، هه‌ر یه‌كه‌و خاوه‌نی كه‌سایه‌تییه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆن كه رۆڵه‌كانیان شانازییان پێوه دهكهنو به‌ڕێزو حورمه‌ته‌وه یادیان ده‌كه‌نه‌وه‌و ناویان دێنن. بۆ وێنه هیندییه‌كان شانازی به "گاندی"یه‌وه ده‌كه‌ن كه به رێبهریكردنی خه‌باتی هێمنانه‌ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاته، ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری بریتانیای ئه‌و كاتی به‌چۆكدا هێناو هیندوستانی له ژێرده‌سته‌بوون رزگاركردو گوڵی سه‌ربه‌ستی له به‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی دا. له ئافریقای باشووردا، نیلسۆن ماندێلایه كه ئه‌و پله‌یه‌ی به نسیب بووه‌و به رێبهرو كه‌سایه‌تیی ئه‌فسانه‌یی ئه‌و وڵاته ده‌ناسرێ. كوردیش، ئه‌و شانازییه‌ی پێبڕاوه كه كه‌سایه‌تییه‌كی به‌رزو ناوداری وه‌ك دوكتور قاسملوو سه‌رقافڵه‌ی كاروانی خه‌باته ره‌واكه‌ی بووه.
دوكتور قاسملوو به‌ڕاستی كوردی خۆش ده‌ویست. ئه‌و ده‌یتوانی كه‌سایه‌تییه‌كی خاوه‌ن پله‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بێ‌و پۆستێكی جیهانیی هه‌بێ. ئه‌و ده‌یتوانی، له‌به‌ر شاره‌زایی له زانستی ئابووریی هاوچه‌رخدا، سه‌رۆك یان پڕۆفسۆرێكی زانكۆی وڵاتێكی ئورووپایی بێ. هه‌ر هیچ نه‌بێ، ئه‌و ده‌یتوانی خاوه‌نی پاره‌و ئاپارتمانی به‌رزو ژیانێكی ئاسایی بێ كه هه‌ر وه‌ك ئێمه له نێزیكه‌وه ده‌بینین، هه‌ر ئورووپایییهك ئه‌وڕۆ له ئورووپادا هه‌یه‌تی. به‌ڵام ئه‌و دێت واز له ژیانێكی پڕ له خۆشی‌و ئاسووده‌یی وا دێنێ. دێت له چیاكانی كوردستاندا قه‌واره‌یه‌كی نوێ له حیزب داده‌ڕێژێ. دێت له نێو حیزب‌دا ئورگانی جیاجیا پێك دێنێ. دێت شێوه‌ی رێكخراوێكی مۆدێڕنی ئه‌وڕۆیی به حیزبی دێموكرات ده‌به‌خشێ. ئه‌م كارانه بۆ ئه‌وه ده‌كا ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای به ئازادیی میلله‌ته‌كه‌ی هه‌یه. بڕوای به‌وه هه‌یه كه میلله‌تی كوردیش ده‌توانێ خاوه‌نی حیزبی سیاسیی خۆی بێ. حیزبێك كه خاوه‌نی قه‌واره‌ی مودێڕن‌و جیهانپهسهنده. حیزبێك كه له‌گه‌ڵ جیهانی سه‌رده‌مدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه‌و بۆ وه‌دیهێنانی ئاوات‌و ئاره‌زووه له‌مێژینه‌كانی كورد خه‌بات دهكاو تا سه‌ركه‌وتنی یهكجاریو وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه به‌رزانه‌دا وچان نادا.
به‌بڕوای من، پاش شه‌هید بوونی دوكتور قاسملوو، ده‌بوو دوكتور یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییانه بێت كه ناویان له لیستی ناودارانی وه‌رگری خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبێلدا تۆمار كراوه. من پێم وایه له‌و باره‌وه جیهان غه‌دری لێی كرد. وه‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبێل، ئاره‌زوویه‌كی گه‌وره‌یه، دانپیانانێكی ره‌سمییه به ئاشتیخوازبوونی كه‌سایه‌تییه ئاشتیخوازهكاندا. مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتیی نۆبێلن، چه‌نده له دوكتور قاسملوو ئاشتیخوازتر بوون؟ چه‌نده له ئه‌و دێموكراتتر بوون؟ بۆ مه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ك دوكتۆر قاسملوو بانگه‌وازی ئاشتیی میلله‌ته‌كه‌یان له‌لایه‌ن كوێرترین رێژیمی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه به ئاگرو ئاسن وه‌ڵامی درابووه‌وه؟ بۆ مه‌گه‌ر ئه‌وان هێنده‌ی كورد ناعه‌داڵه‌تیی ئابوورییان به رهگو پێسته‌وه هه‌ست پێ كردبوو؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ك دوكتور قاسملوو خاوه‌نی میلله‌تێك بوون كه به‌شێكی زۆر له رۆڵه‌كانی له خانه‌و كاشانهی خۆیان هه‌ڵكه‌ندرابوون؟ مه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وان، ته‌نیا له‌به‌ر نه‌گوتن به ده‌سه‌ڵاتی حاكم، بێبهزهیییانه حوكمی جیهادیان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو؟ مه‌گه‌ر ئه‌وان وه‌ك دوكتور قاسملوو ئازایانه‌و چاونه‌ترسانه، به‌پیریی بانگه‌وازی ئاشتیی دوژمنهكهیانهوه چووبوون‌و گیانی خۆیان له‌و رێگایه‌دا كردبووه قوربانی؟ هه‌ر بۆیه پێم وایه دوكتور قاسملوو له‌وانه‌ی براوه‌ی خه‌ڵاتی ئاشتیی نوبێلن، زیاتر موسته‌حه‌قی وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته بوو.
به نزیك بوونه‌وه‌ی تراژیدیای 22ی پووشپه‌ڕدا، به چاوی پڕ له فرمێسكه‌وه، له وێنه‌یه‌كی هه‌ڵواسراوی دوكتوری شه‌هید رادهمێنمو وه‌ك ئه‌ویندارانی دیكه‌ی رێبازه پیرۆزه‌كه‌ی، پرسیار له دوای پرسیار له زهینو بیرمدا كه‌ڵه‌كه ده‌بن. له خۆم ده‌پرسم دوكتور قاسملوو كێ بوو؟ بۆ گیانیان لێ ئه‌ستاند؟ له‌به‌رچی بوو فریوی به‌ڵێنیی پڕ له درۆی بكوژانی خوارد؟ ئه‌مانه‌و زۆر پرسیاری دیكه... كه بۆ به‌شێكیان هه‌رچی ده‌كه‌م وه‌ڵامێك نابینمه‌وه.
هه‌رچی زیاتر له وێنه‌كه ورد ده‌بمه‌وه. گه‌وهه‌ری نایابتر خۆ ده‌رده‌خه‌ن. ئاشتیخوازبوون، حهقبێژیو عه‌داڵه‌تخوازی ئه‌و چه‌مكه به‌نرخانه‌ن كه وه‌ك ئه‌ستێره‌ی گه‌شی گه‌لاوێژ به سیمای پاكی دوكتور قاسملووی دێموكراته‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه. ئاخر له‌م جیهانه بێتاوانه پڕ له تاوانه‌ی كه ئێمه‌ی مرۆڤی تێدا ده‌ژین، له‌مێژ ساڵه حه‌ق ده‌نگێكی خنكێنراوو، عه‌داڵه‌ت تاوسێكی تارێنراوو ئاشتیش كۆترێكی به تیری ناحه‌ق پێكراوه. ئه‌مه‌ش سه‌ربورده‌ی خۆی هه‌یه: كاتێك ویستیان حه‌ق بكوژن، له گه‌رووی كۆتری ئاشتیدا خۆی شارده‌وه‌و كۆتریش بۆوه‌ی خۆی له تیری چڵكنی ناعادڵان بپارێزێ، هاوڕێ له‌گه‌ڵ تاوسدا، چیای به‌رزی كوردستانیان كرده سه‌نگه‌ر. له شاخه‌وه، بۆ راماڵینی شه‌وه‌زه‌نگ، حه‌ق له‌گه‌رووی كۆتری ئاشتی هاته ده‌روو تێكه‌ڵ به قرمه‌ی چه‌كی پێشمه‌رگه بوو. عه‌داڵه‌تیش بوو به چراو له دڕدان به شه‌وه‌زه‌نگدا، به‌رچاوی پێشمه‌رگه‌ی رووناك كرده‌وه.
له درێژه‌ی رێگادا، كۆتری ئاشتی، پێی ئه‌سپێردرا په‌یامی ئاشت بوونه‌وه، له شاخه‌وه بۆ لانكی شارستانییه‌ت بێنێ‌و "بانگی ئه‌نه‌لحه‌ق" به‌گوێی قورس‌و گرانی شهوپهرستاندا بخوێنێ، بهشكهم، وه‌خۆ بێنه‌وه‌و شه‌ڕ به ئاشتی بگۆڕنه‌وه. به‌ڵام، وه‌ك دیتمان، دوژمنانی دادپهروهریو مرۆڤایه‌تی، له‌م ئاشت بوونه‌وه‌یه ترسان‌و به به‌رچاوی گشت ئورووپای مافه‌كانی مرۆڤه‌وه، شه‌قیان له بێشكی شارستانیه‌تی سه‌دان ساڵه هه‌ڵداو بێشه‌رمانه كۆتری ئاشتییان له به‌رگی پیرۆزی خۆیدا شه‌ڵاڵی خوێن كرد. ئیتر، له‌و رۆژه‌وه، هیندێك جار حهقو ئاشتی‌و عه‌داڵه‌ت، دوكتور قاسملوونو هیندێك جاریش دوكتور قاسملوو ئه‌وانه.
له كۆتاییدا ده‌ڵێم، ئاره‌زووی هه‌ره گه‌وره‌ی دوكتور قاسملوو، رزگاریی نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئاواته‌ی دوكتور قاسملوو بێته‌دی، له‌سه‌رمانه درێژهدهرێكی به‌وه‌فای رێبازه پیرۆزه‌كه‌ی بین. ره‌نگه ئێمه لێره له ئورووپا نه‌توانین ببینه پێشمه‌رگه. به‌ڵام خۆ ئێمه ده‌توانین منداڵه‌كانمان به بیر‌و ئه‌ندێشه‌كانی دوكتور قاسملوو باربێنینو به هاندانیان بۆ گرتنه‌به‌ری رێگای خوێندن، بۆ دواڕۆژی كوردستان په‌روه‌رده‌یان بكه‌ین. به‌م كاره، دڵنیام رۆحی دوكتور قاسملوو له ئێمه رازی ده‌بێ.
نه‌مری بۆ دوكتور قاسملوو‌و به‌رده‌وامی بۆ رێبازه پیرۆزه‌كه‌ی!
|
|
||||||||